له سه‌رده‌می منداڵیدا له‌لای باوكی ده‌ستی به خوێندن كردووه له دوایدا له‌لای زانای به‌ناوبانگ "مه‌لا عه‌بدوڵڵا بایه‌زیدی"ی سوخته‌ی زانای مه‌زنی كورد "سیبغه توڵڵای حه‌یده‌ری" درێژه‌ی به خوێندنه‌كه‌ی داوه، ئینجا بۆ ته‌واوكردنی خوێندنه‌كه‌ی له ساڵی ١١٩٢ی كۆچی به‌رامبه‌ر به ١٧٧٨ی زایینی چووه‌ته شاری مه‌هاباد له ڕۆژھەڵاتی کوردستان بۆ فێربوونی زمانی فارسی، ئینجا گه‌ڕاوه‌ته‌وه باشووری کوردستان له‌شاری ڕەواندزی پایته‌ختی میرنیشینێتی سۆران نیشته‌جێ بووه‌ و محه‌ممه‌د پاشای ڕه‌واندزی ڕێزێكی زۆری لێناوه و ئه‌ویش ده‌ستی داوه‌ته وانه گوتنه‌وه و په‌رتووک دانان. دوای ماوەیەکیش محەممەد پاشا کردوویەتی بە ڕاوێژکاری خۆی. سەردەمانێكیش موفتی پاشای گەورەی ڕواندز بووە. ماوەیەكی زۆر لەلای پاشای گەورەی ڕواندز موفتی بووە و وانەی پێگوتۆتەوە، بەڵام دوای ماوەیەك بە بەهۆی زیندانیان و چەند هۆكارێك لەگەڵ پاشای گەورە بە دەمەقاڵێ دێت و ڕواندز جێدەهێڵێت. ئەمەش دەرخستەی ئەو ڕاستیەیە كە ئیبن ئادەم بەر لە ٢١٥ ساڵ لەمەوبەر دژی پێشێلكردن و شكاندنی گەورەیی مرۆڤ بووە.

 ئیبن ئادەم وانەی بە شاعیر و زانایانی نەتەوەی كورد هەر یەكە لە حاجی قادری كۆیی، مەلا عەبدوڵڵای جەلی زادە، باوكی مەلا گەورە، مەلای خەتێ، مەولانە خالیدی شارەزووری و چەندین زانای بەناوبانگی تر وتووه‌.

 ئیبن ئادەم بەهۆی پێگە دیارەكەی چەندین نووسیاری گەورەی كورد و عەڕەب ژیاننامەی ئەم پیاوە دەنووسنەوە، لەوانەش عەبباس عەزاوی، محەممەدی خاڵ، مسعوود محەممەد، ئەحمەد عوسمان ئەبووبەكر، زوبێر بیلال ئیسماعیل، كەریم شارەزا، فائیزی مەلا بەكر، عەبدولكەریمی مودەرریس، ڕەشید ئامێدی.

حوسێن حوزنی لەسەر كەسایەتی و لێهاتووی ئیبن ئادەم دەڵێت: «ئیبن ئادەم ئەو زانایەیە ئەگەر لەنێو هەر نەتەوە و گەلێكی تر هەڵبكەوێ‌، شانازی زۆری پێوە دەكەن. ئیبن ئادەم لەسەر پرسی نەتەوەیی و نووسین بە زمانی كوردی زۆر بە توندی پێداگری كردووە. ئەو گەلێك جار لە نووسینەكانی خۆیدا باسی شاری سلێمانی كردووە و گووتویەتی (سلێمانی پایتەختی كوردستانە) ئەمەش جۆرێك لە داننانە بە دەوڵەتی كوردستان. ئیبن ئادەم لە خەباتی ڕۆشنبیری خۆی بەردەوام دەبێت، تاكو لە ساڵی ١٨٢٢ لە گوندی وێڵزەی سەر بە قەزای چۆمان گیان دەسپێرێ و هەر لەوێ بە خاك دەسپێردرێت.

به‌رهه‌مه به‌نرخه‌كانی ئیبن ئاده‌م

مه‌لا محه‌مه‌د ناسراو به ئیبن ئاده‌م له‌ماوه‌ی ژیانیدا زنجیره‌یه‌كی له په‌رتووک و نامیلکه‌‌ی زانستی و فیقهی و زمانه‌وانی و ڕه‌وانبێژی و گەردونناسی داناوه و هه‌موویان به‌زمانی عه‌ره‌بین، چونكه له‌و سه‌رده‌مه زووه‌دا زمانی خوێندن و فێركردنی ڕووداوی ئاینی عه‌ره‌بی یان فارسی بووه.

تاكو ئێستا ٢٧ په‌رتووكی به‌نرخی تۆماركراون له بواره‌كانی زانست و فیقهی و ڕه‌وانبێژی و لۆژیک و زمانه‌وانی و جوگرافیا و گه‌ردوونناسی دا، زۆربه‌ی ئه‌و په‌رتووكانه‌ش له گونده‌كانی ڕوستێ و دێڵزه داناوه و دانیشتووانی ته‌سه‌ووف ماوه‌یان نه‌داوه په‌رتووكه‌كان به هه‌موو لایه‌كی دا بڵاوببنه‌وه، هه‌ر وه‌كو مامۆستا عه‌بدولڕه‌قیب یوسف ده‌ڵێت: "ئیبن ئاده‌م و سۆفیگه‌ریه‌تی دژ به یه‌ک بوون و ئه‌و زانا مه‌زنه باوه‌ڕی به سۆفیگه‌ریه‌تی نه‌بووه، به‌ڵكو باوه‌ڕی به زانستی ئایینی بینات نراو له‌سه‌ر لۆژیک و هزر بووه.

ئیبن ئاده‌م زانایه‌كی بلیمه‌ت بوو، زانیاریی و پایه‌ی زانستی ئه‌و كه‌سه سه‌رنجی زانا و مێژوو نووسانی له‌هه‌موو لایه‌كدا ڕ‌اکێشاوه، له‌وانه مێژوونووسی كورد "ئیبراهیم ‌‌حه‌یده‌ری" له په‌رتووكه‌كه‌ی "عنوان المسجد"دا له‌باره‌یه‌وه ده‌ڵێ: "گه‌وره‌مان محه‌ممه‌د كوڕی ئاده‌می كوردی، كه‌سێكی گه‌وره‌ی وه‌ک مه‌ولانا خالید نه‌قشبه‌ندی وانه‌ی له‌سه‌ر ده‌ستی خوێندووه‌، پایه‌ی هێنده‌ی پایه‌ی ئیمامی "فه‌خری ڕازی" بووه، پتر له‌سه‌د په‌رتووكی به‌نرخی له‌‌زانسته‌كانی هزری داناوه و زۆربه‌ی ئه‌و په‌رتووكانه‌شی له گوندی "ڕۆستێ" داناوه و هه‌مووشیان په‌سه‌ند و به‌رزوپته‌ون و دوا به‌دوای ئه‌مه‌ش ده‌ڵێ: "داخی گرانم ئه‌و په‌رتووكه به‌نرخانه‌ی كه‌وتوونه‌ته گۆشه‌ی له بیركردن، به‌ڵام هه‌موو زانایانی عێراق دانیان به گرانبه‌هایی به‌رهه‌مه‌كانی داناوه".

مامۆستا شێخ محه‌مه‌دی خاڵ له په‌رتووكه‌كه‌ی "‌الشیخ معروف النودهی البرزنجی"دا له‌باره‌یه‌وه ناوی ٢٧ په‌رتووكی له‌و سه‌د په‌رتووكه‌ی ئیبن ئاده‌می هێناوه، كه بیستن و حه‌فته‌مینیان به‌ناوی "سلسله الذهب" واته "زنجیره‌ی زێڕ"ه له‌ساڵی ١٢٣٤ی كۆچی به‌رامبه‌ر به ١٨١٩ی زاینی دایناوه و له ژیان و به‌سه‌ر هاته‌كانی خۆی ده‌دوێ و باسی ئه‌و ناكۆكیانه ده‌كات كه له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د پاشای ڕه‌واندزدا به‌رپا بوون، كه ئێستا دانه‌یه‌ک له‌م په‌رتووكه ده‌سنووسه له په‌رتووكخانه‌ی پارێزه‌ر و مێژوونووسی كۆچ كردوو "عه‌باس عه‌زاوی" پارێزراوه.

ئیبن ئاده‌م و وێژه‌وانی

ئیبن ئاده‌م هه‌ر وه‌ک زانایه‌كی بلیمه‌ت بووه له بواری زانستی ئایینی و فیقھی و لۆژیک و گه‌ردوونناسی و بیركاری و جوگرافیادا، له هه‌مان كاتیشدا ده‌ستی هۆنراوه هۆنینه‌وه‌شی ھەبووه و ئه‌م‌ چه‌ند دێره‌ شیعره‌یان چنگ كه‌وتووه کە لێره‌دا ده‌یان خه‌ینه ڕوو:

هه‌وران كرده گۆڵه‌گۆڵ میكائیلا ئه‌تۆش ده‌ی توتن و ماشان بڕشێنه ده‌با نۆش بێته سه‌رده‌ی ڕۆمی ئه‌وا په‌یا بوون كوتبخانان ده‌كه‌ن ئه‌ی!

ئیبن ئاده‌م ئه‌م هۆنراوه‌یه‌ی داناوه، كه له دوای ژیانیدا بووە (کۆتاییەکانی ژیانی بووە)، ده‌وڵه‌تی عوسمانی میرنیشینی سۆرانی له‌ناوبرد و فه‌رمانی ڕاسته‌وخۆی عوسمانی له شار و گونده‌كانی ئه‌و ناوچانه ده‌ست پێ كرد و هه‌رچی كه‌لتووری كورد هه‌بوو له‌ناویان ده‌برد، لێره‌دا ناوی كاربه‌ده‌ستانی عوسمانی به "ڕۆمی" ناوده‌با و له هۆنراوه‌ دانانیشدا نازناوی "واجم"ی بۆ خۆی داده‌نا.

له كۆتایی دا ده‌بێ ئاماژه بدرێت، كه ئیبن ئاده‌م دوازده كوڕی ھەبووه و به‌شێكیان له ڕۆڵه‌ و نه‌وه‌كانی بوونه‌ته مه‌لای زانا و ئێستاكه‌ش نه‌وەكانی له گوندی ڕوستێ و شارۆچكه‌ی ڕه‌واندزی جاران و "سۆران"ی ئێستادا بڵاوبوونه‌ته‌وه.